هه‌موو كه‌س مافی هه‌یه به بێ جیاوازی، له‌به‌رانبه‌ر كاری وه‌ك یه‌كدا مووچه‌ی وه‌ك یه‌ك وه‌ربگرێ. هه‌ركه‌س كه كار ده‌كا مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه مووچه‌یه‌كی عادڵانه بۆ بژیوی ژیانی خۆی و بنه‌ماڵه‌كه‌ی وه‌ربگرێ".....
ئه‌مڕۆ یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی گه‌شه‌سه‌ندوویی هه‌ر وڵاتێك به‌شداریی به‌رچاوی ژنانه له بازاڕی كاردا. به‌شداری ژنان له بازاڕی كاردا، خواستی هاوبه‌شی ته‌واوی فیمینیسته‌كان و لایه‌نگرانی مافی یه‌كسانی ژنان و پیاوانه. تێكۆشانی ئابووری ژنان ده‌بێته هۆی به‌هێزبوونی ژنان و بواری به‌ربه‌ره‌كانی دژی نایه‌كسانیی نێو بنه‌ماڵه و ده‌ره‌وه‌ی بنه‌ماڵه بۆ ژنان خۆش ده‌كا. به‌م چه‌شنه ژنان ئاسانتر ده‌توانن له به‌رامبه‌ر پێشێلكردنی مافه‌كانیاندا به‌ربه‌ره‌كانی بكه‌ن و مل بۆ سته‌م رانهكێشن و، هه‌روه‌ها بۆ به‌رهه‌مهێنان و پیشكهوتوویی وڵاتیش پێویسته ئه‌م هێزه كه‌ڵكی لـێوهربگیرێ.
رۆزا لوكزامبورك ژنه خه‌باتكاری جووڵانه‌وه‌ی پرۆلیتاریا، ژنانی هانده‌دا بچنه بازاڕی كاره‌وه‌و هیچ ئیمتیازێكیشیان نه‌وێ. ئه‌و ده‌ی گوت گرنگ ئه‌وه‌یه جارێ بچنه ئه‌و مه‌یدانه‌وه. نه بۆ منداڵ بوون مۆڵه‌تی زیادی وه‌رگرن، نه حه‌قده‌ستی زیادییش وه‌رگرن. ئه‌وه‌و نرخێكه كه ژنان بۆ بوونیان له مه‌یدانی كاردا‌و بۆ سه‌ربه‌خۆیی ئابووریی خۆیان ده‌بێ بیده‌ن. پێویسته ئه‌و به‌هایه بده‌ن. دوای ئه‌وه‌ی حوزووریان له بازاڕی كاردا چه‌سپاو توانایان له به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ر كارێكدا به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی رهگهزپهسند كرا، ئه‌وكاته ده‌توانن، مووچه‌ی زیاتر داوا بكه‌ن و له هیچ حه‌قێكی خۆیان خۆش نه‌بن.
یه‌كێك له خراپترین ئه‌و وڵاتانه‌ی كه روانگه‌یه‌كی نابه‌رابه‌ری جنسییه‌تی تێدا به‌هێزه وڵاتی ئێرانه. به هۆی هاتنه سه‌ركاری رێژیمی ئیسلامیی ئێران ژنان له‌م بواره‌شدا وه‌ك زۆر بواری دیكه كه‌وتنه به‌ر هه‌ڵاواردنی ناره‌وا. له ده‌یه‌ی یه‌كه‌می هاتنه‌سه‌ر كاری رێژیمی كۆماری ئیسلامی¬دا رێژه‌ی ژنانی كار له 14% وه هاته سه‌ر 6% ه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی رێژه‌ی ژنانی خوێنده‌وار به‌ره‌و سه‌ر چوو، به‌تایبه‌ت ژنانێك كه پله‌ی خوێنده‌واریی به‌رزیان هه‌بووه‌و له‌و باره‌وه ئێران باشترین نموونه بوو له چاو وڵاتانی ده‌وروبه‌ری به‌ڵام به‌هۆی سیاسه‌تی ره‌سمیی حاكمانی ئه‌و وڵاته بازاڕی كار نه‌یتوانیوه له‌و هێزه گه‌وره‌و كارایه كه‌ڵك وه‌ربگرێ. یاساكان و سیاسه‌تی حاكمییه‌ت رۆڵی گرنگیان هه‌بووه له هه‌ڵاواردنی ره‌گه‌زی و جێگرتنی كولتوور‌و نه‌ریتی دژه ژن. له باری یاساییه‌وه، بۆ هه‌ر كارێك كه ژن بیهه‌وێ بیكا ره‌زامه‌ندیی مێرد پێویسته. پیاو ده‌توانێ زۆر ئاسان رێگری له كاری ژن بكا. ئه‌م یاسایه بۆته نه‌ریتی جێگرتوو له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێران‌دا، واته ته‌نیا پیاو به سه‌رپه‌رست و نانهێنه‌ری بنه‌ماڵه ده‌ناسرێ و جێگه‌و پێگه‌ی ژنیش وه‌ك دایك و هاوسه‌ر له ماڵدا ده‌ناسرێ.
له ساڵـێ 1345دا نزیكه‌ی یه‌ك میلیون ژن له بازاڕی كاری ئێران‌دا حوزووریان هه‌بووه. ئه‌و رێژه‌یه له ساڵی 1355دا بۆته 1/5 میلیون كه‌س. به جۆرێك له‌و ساڵانه‌دا رێژه‌ی ژنانی چالاك له بازاڕی كار ساڵانه نزیكه‌ی 5/3 % زیادی كردوه. به‌ڵام دوای هاتنه‌سه‌ركاری رێژیمی ئیسلامی تێكۆشانی ئابووریی ژنان له بازاڕی كاردا به‌ره‌و كه‌می رۆیشت و له ساڵی 1365دا گه‌یشته 3/1 میلیون كه‌س. به‌ڵام به هۆی شه‌ڕی ئێران و عێراق و هاتنه ئارای هه‌لومه‌رجێكی تایبه‌ت، دیسان ژنان روویان له بازاڕی كار كرده‌وه و رێژه‌ی ژنانی كار رووی له زیاد بوون كرد‌و ئه‌م زیادبوونه درێژه‌ی هه‌بووه‌و له ساڵی 1375دا له دوو میلیون كه‌س تێپه‌ڕی. به‌جۆرێك كه رێژه‌ی ژنان له بازاڕی كاردا له ساڵی 1365، 8.8% بوو‌و له ساڵی 1375دا گه‌یشته 12%. له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه له ئاكامی ئاگایی و وشیاری جنسییه‌تی له جیهانداو به‌جیهانیبوونی ئه‌م پرسه‌و كاریگه‌ریی له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی ئێران، هه‌لومه‌رج به قازانجی ژنان گۆڕانی به‌سه‌ر داهاتوه. به جۆرێك كه ئێستا سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و رێگرییه یاساییانه كه له لایه‌ن ده‌زگاو سیستمی حاكمه‌وه به‌سه‌ریاندا سه‌پاوه ژنان له ماڵه‌كانیان هاتوونهتهدهرو كۆمه‌ڵگه‌ش خه‌ریكه "نا" به هه‌موو ئه‌و یاسایانه ده‌ڵـێ كه ژنان ده‌خزێنێته‌وه ماڵه‌كانه‌وه. به‌ڵام دیسانیش ئه‌م رێژه‌یه‌ی ژنان له بازاڕی كاردا له ئێران له چاو زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان ئێستاش مه‌ودایه‌كی زۆری هه‌یه.
ئه‌گه‌ر له وڵاتانی پێشكه‌وتوودا ژنان له بازاڕی كاردا حوزوورێكی به‌رچاویان هه‌یه، به‌و مانایه نیه له‌و وڵاتانه‌دا بنه‌ماڵه گرنگیی نیه‌و منداڵ له‌لایه‌ن دایكه‌وه پشت گوێ خراوه. له‌واندا ژن و پیاو به‌رپرسایه‌تیی هاوبه‌شیان هه‌یه، له په‌نا كاری ژن و پیاو دا كۆمه‌ڵێك رێكخراو‌و بنیاتی جۆراوجۆر هه‌ن بۆ خزمه‌ت به بنه‌ماڵه. یان به شێوه‌یه‌كی دیكه هه‌ل و فرسه‌ته‌كان بۆ ژن و پیاو یان دایك و باوك وه‌ك یه‌كن. چۆن دایك له وه‌رگرتنی مۆڵه‌ت بۆ منداڵ بوون یا راگه‌یشتن به منداڵ كه‌ڵك وه‌رده‌گرێ ، پیاویش له باری كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه ئه‌و بواره‌ی بۆ خۆشكراوه كه له ساڵدا مۆڵه‌ت وه‌ربگرێ و شه‌ریك بێ له كاروباری بنه‌ماڵه‌دا بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ردووكیان له هه‌له‌كان وه‌ك یه‌ك كه‌ڵك وه‌رگرن و بۆ خزمه‌تی بنه‌ماڵه‌و به وڵاته‌كه‌یان بكه‌ن.
ئه‌وه‌ی له ئێران‌دا هه‌یه زۆر جیاوازیی هه‌یه له‌گه‌ڵ وڵاتانی پێشكه‌وتوودا. لێره ژن یان دایك هه‌موو هه‌له‌كانیان له ده‌ست داوه‌و وڵاته‌كه‌ش به‌و شێوه‌یه ناتوانێ به‌ره‌وپێش بچێ چونكه نیوه‌ی هێزی كارای به‌شداری نیه له به‌رهه‌مهێناندا. به‌ڵام له وڵاتانی پێشكه‌وتوودا حكوومه‌ت ئه‌و زه‌مینه‌یه‌ی پێك هێناوه كه نه ئه‌و هێزه بێكهڵك بكرێ نه بنه‌ماڵه تووشی شێواوی ببێ.
ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی رێژه‌ی ژنان له بازاڕی كاری ئێران‌دا له په‌ره‌سه‌ندن دایه، به‌ڵام به هۆی ئه‌و گیروگرفتانه‌ی ئێستاش ژنان له‌سه‌ر رێگه‌یانه، وه‌ك كولتووری كۆمه‌ڵگه، كه ئێستاش له‌ودا راگه‌یشتن به بنه‌ماڵه‌و ئه‌ركی دایكایه‌تی به ئه‌ركی سه‌ره‌كیی ژنان ده‌زانێ، ناچارن زۆرتر ئه‌و كارانه هه‌ڵ بژێرن كه له باری كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه به‌هایه‌كی كه‌متریان هه‌یه‌و كاتێكی زیاتریان بۆ دێڵێته‌وه بۆ راگه‌یشتن به منداڵ و... له‌م چه‌شنه كارانه‌ش دا بوار بۆ ركه‌به‌رایه‌تی و پێشكه‌وتن لاوازه. یان بۆ نموونه به‌شێكی زۆر له خاوه‌نكاره‌كان باوه‌ڕیان به تواناییه‌كانی ژنان نیه‌و ئاماده نین هێندێك كار به ژنان بده‌ن ، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ژن و پیاو له جێگه‌یه‌ك كار بكه‌ن و كاره‌كه‌یان وه‌ك یه‌ك بێ دیسانیش مووچه‌ی ژن له هی پیاوه‌كه كه‌متره. چونكه به هێزی كاری پله دوو چاو له ژن ده‌كرێ. بۆیه ژنان یه‌كه‌مین كه‌سه‌كانن كه ده‌كه‌ونه به‌ر زوڵم و سته‌می خاوه‌نكارو یه‌كه‌م كهسهكانیشن كاریان لـێدهسهنرێتهوه.
گه‌شه‌سه‌ندوویی و كێ به‌ركێ له دنیای ئابووریی ئه‌مڕۆدا، یه‌كێكه له مه‌سه‌له گرنگه‌كانی هه‌ر وڵاتێك. بۆ گه‌یشتن به‌و مه‌به‌سته كه‌ڵك وه‌رگرتن له هێزی كار‌و توانایی ژنان پێویستییه‌كی حاشا لـێنهكراوه. ئه‌وه‌ش ئه‌ركی حكوومه‌تی هه‌ر وڵاتێكه كه هه‌لومه‌رجی له‌بار بۆ ژنان پێك بێنێ تا بتوانن له ئابووری و پێشكه‌وتوویی وڵات‌دا رۆڵیان هه‌بێ.
ئاماره‌كان له سایتی "كانون زنان ایران" وه‌رگیراون
كوێستان
هاناى کوێستان
مینبه‌رێكه بۆ گه‌یاندنی هاناو هاواری یهكسانیخوازانهو ئینسانیی منی ژن
+ نوشته شده توسط كوێستان در 88/02/17 و ساعت
|
