له دوای زیاتر له سه‌د ساڵ خه‌باتی یه‌كسانیخوازی ژنان له جیهاندا و وه‌ده‌ستهێنانی هێندێك ده‌سكه‌وت له‌م پێناوه‌دا، ئێستاش به له‌به‌رچاوگرتنی هه‌لومه‌رجی ژیانی ژنان و رێژه‌ی به‌شدارییان له بواره جۆراجۆره‌كان له هێندێك وڵات‌دا، ئه‌وه ده‌رده‌خا كه تا گه‌یشتن به دنیایه‌كی به‌دوور له‌هه‌رچه‌شنه هه‌ڵاواردنێك له دژی ژنان رێگه‌یه‌كی دوور و درێژ له پێشه.
جیاوازی دانان به دژی ژنان به پێی رێككه‌وتننامه‌ی جیهانی له‌نێوبردنی هه‌موو جۆره جیاوازی‌دانان به دژی ژنان، بریتی‌یه له هه‌موو ئه‌و هه‌ڵاواردن، ده‌رهاویشتن، بێ‌به‌ش كردن و سنوور دیاریكردنانه‌ی كه له سه‌ر بناغه‌ی (جنس) به‌ڕێوه ده‌چن. ئاكامی هه‌موو ئه‌وانه بێ‌به‌ری كردنی ژنان له مافه ئینسانییه‌كانیان و ئازادییه بنه‌ڕه‌تی‌ییه‌كانیان له بواره‌كانی سیاسی، ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی، كولتووری و مه‌ده‌نییه‌كاندا و هه‌ر بوارێكی دیكه‌ی كه ئه‌وان ده‌گرێته‌وه.
هۆكاری ئه‌و زوڵم و سته‌مانه‌ی له ژنان ده‌كرێن، ئه‌و هه‌ڵاواردنانه‌ن كه رووبه‌رووی ژنان ده‌بێته‌وه. هه‌ڵاواردنی جنسی بنه‌ماكانی به‌رابه‌ری مافه‌كان و رێزدانان بۆ كه‌سایه‌تی مرۆڤ پێشێل ده‌كا و پێشی به‌شداریی ژنان له ژیانی سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری و كولتووری وڵات له هه‌لومه‌رجێكی وه‌ك یه‌ك له‌گه‌ڵ پیاواندا ده‌گرێ و، له‌سه‌ر رێی په‌ره‌گرتنی به‌ختیاریی كۆمه‌ڵ و بنه‌ماڵه ده‌بێته كۆسپ و له‌مپه‌ر و، پشكوتنی به‌ته‌واویی توانایی و لێوه‌شاوه‌یی ژنان له خزمه‌ت به وڵات و مرۆڤایه‌تیدا له‌گه‌ڵ گیروگرفت و كه‌ند و كۆسپ به‌ره‌وڕوو ده‌كا." (1)
ژنانی ئێران له‌ژێر فشاری هه‌ڵاواردنی جنسییه‌تی دان. یاساكانی وڵات جیاكاری زۆریان به‌رامبه‌ر به مرۆڤه‌كان تێدایه. له‌وێ‌دایه مرۆڤه‌كان به ره‌سمی هاووڵاتیانی پله‌به‌ندی كردوه. كێشه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌و دۆخه ناله‌باره‌ی ژنان له ئێران، كه ئه‌مڕۆ هه‌موو دنیا هه‌ستی پێ‌كردوه، هه‌ڵاواردنی جنسییه. ژنان له هه‌موو بواره‌كانی ژیاندا له گه‌ڵ هه‌ڵاواردنێكی ناڕه‌وا رووبه‌ڕوو بوونه‌ته‌وه. ئه‌و سنوورانه‌ی ده‌بنه هۆی پێشێل كردنی مافه ئینسانییه‌كانیان. هه‌ر له یه‌كه‌م رۆژه‌كانی ژیانیانه‌وه كولتوور و دابونه‌ریته سوننه‌تییه‌كان بۆیانی دیاری كردوون و یاساش پشتیوانی ئه‌و كولتوور و نه‌ریتانه‌یه. هه‌ر هه‌نگاوێك بۆ كچ و كوڕ تێكه‌ڵه له‌گه‌ڵ فه‌رقوجیاوازی. هه‌ڵێنانه‌وه‌ی هه‌ر هه‌نگاوێك بۆ ژنان پڕیه‌تی له كۆسپ و گیر‌و گرفت. ژن رێگه‌ی زۆر بواری لـێ‌سه‌ندراوه‌ته‌وه. مه‌جالی پێگه‌یشتن و گه‌شه‌كردنیان له مه‌یدانه جۆراوجۆره‌كاندا له گه‌ڵ پیاوان یه‌كسان نیه. ئه‌و به‌ربه‌ست و ترس و تۆقاندنانه‌ی به هۆی جنسییه‌ته‌وه له لایه‌ن بنه‌ماڵه و كۆمه‌ڵگه‌وه رووبه‌رووی ژنان ده‌بێته‌وه گه‌شه و تواناكانی ژنی لاواز كردوه و باوه‌ڕبه‌خۆبوونی لـێ‌سه‌ندوونه‌ته‌وه. له راستی‌دا سیستمێك به ناوی ئایین و شه‌رعه‌وه ژنانی له‌گه‌ڵ ئه‌وپه‌ڕی پێشیلكاری مافه‌كانیان به‌ره‌وروو كردۆته‌وه.
هێندێك ئه‌و هه‌ڵاواردنانه‌ش ریشه‌كه‌یان له ئایینه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتوه. ئه‌گه‌ر به دیدێكی ره‌خنه‌گرانه‌وه‌ش بڕوانینه ئایین، له‌م پرۆگرامه نه‌گۆڕه‌دایه مرۆڤه‌كان پله‌به‌ندی كراون. ژن به مرۆڤێكی كه‌م عه‌قڵ و به چاوێكی سووك و به كه‌متر له پیاو ته‌ماشای ده‌كرێ. له‌م وڵاته‌دا په‌روه‌رده‌كه‌ش هه‌ر له‌سه‌ر بناغه‌ی ئایینه. مادام په‌روه‌رده‌كه له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌ساسه بێ مرۆڤه‌كانیش هه‌روا به ئاسانی ناتوانن خاوه‌نی رۆحێكی یه‌كسانیخواز بن.
ئه‌و ئیدئۆلۆژییه زاڵه‌ی كه 30 ساڵه له ئێران‌دا ده‌سه‌ڵاتی به‌ده‌سته‌وه‌یه زۆر زیاتر په‌ره‌ی به هه‌ڵاواردن و نایه‌كسانییه‌كانی نێوان ژن و پیاو داوه و بۆته پشتیوانێكی قایمی كولتووو و نه‌ریته كۆنه‌كان. نه‌خش و رۆڵی ژنان ته‌نیا له چوارچێوه‌یه‌كی به‌رته‌سكدا زه‌قكراوه‌ته‌وه ئه‌ویش رۆڵی دایكایه‌تییه كه ئه‌و رۆڵه‌ش وه‌ك ئه‌ركێكی كۆمه‌ڵایه‌تی رێز و به‌های خۆی بۆ دانه‌نراوه. رێژه‌ی مافه‌كانی ژنان هه‌ر به پێوانه‌و پێوه‌ری ئایین دانراون. رێژه‌ی به‌شداریی ئه‌وان له سیستمی سیاسی وڵات‌دا دا به تایبه‌تی له بواری دادوه‌ری دا هه‌ر به پێوانه‌وه پێوه‌ری ئیسلام كه ژن به‌كه‌م عه‌قڵ حیساب ده‌كرێ، بۆیه ناتوانێ دادوه‌ر بێ. له ساختاری سیاسی ئێران‌دا ژن له زۆر مافی ئینسانی بێ‌به‌ش كراوه. به‌شێك له‌و توند و تیژانه‌ییانه‌ی به شێوه‌یه‌كی یاسایی له دژی ژنان به‌رێوه ده‌چن و پێوه‌ندییان به یاسای مه‌ده‌نی وڵاته‌وه هه‌یه و له‌سه‌ر بناغه‌ی ئایین داڕێژراون، بۆ نموونه له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ژیانی هاوسه‌رێتی‌دا به جۆرێك هه‌موو ئیختیارات و ئه‌وله‌ویه‌تێك دراوه به پیاو. وه‌ك مافی بڕیاردان به‌رامبه‌ر به جسم و گیانی ژن، مافی ته‌ڵاق، سه‌فه‌ر، سه‌رپه‌رستی كردنی منداڵ، میرات، شایه‌دی‌دان، چه‌ند هاوسه‌ری و... له هه‌موو ئه‌وانه‌دا ژنان مافیان پێشێل ده‌كرێ. له ئێران‌دا نه‌ریت و كولتوور و یاسا په‌یڕه‌وی له ئایینی ئیسلام ده‌كه‌ن. ئاینی ئیسلامه ده‌ڵـێ شاهیدی 2 ژن به 1 پیاو حیساب ده‌كرێ! ئایینه به پیاو ده‌ڵـێ ئه‌گه‌ر ژنه‌كه‌ت به گوێی نه‌كردی ته‌مبێی بكه! ئایینی ئیسلامه فره‌ژنی حه‌ڵال كردوه. ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ینه كولتووری فره‌ژنی بێ‌رێزیه‌كی گه‌وره‌یه به كه‌سایه‌تی ژن ده‌كرێ و هه‌روه‌ها جۆره‌ها توندوتیژی به‌دواوه‌یه كه ته‌نیا داوێنی ژنان ناگرێته‌وه، به‌ڵكوو منداڵانی ئه‌و بنه‌ماڵانه‌ش ده‌بنه قوربانی ئه‌م نه‌ریته ناحه‌زه. یان بۆ نموونه له مادده‌ی 631ی یاسای سزای ئیسلامی‌دا هاتوه ئه‌گه‌ر پیاوێك هاوسه‌ره‌كه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ پیاوێكی دیكه له كاتی پێوه‌ندی ناشه‌رعی‌دا دیت و كوشتی، ئه‌و پیاوه به تاوانبار ناناسرێ و هیچ سزایه‌كی له‌سه‌ر نیه. له حاڵێكدا هه‌ر ئه‌و مافه به ژن نه‌دراوه و هیچ قسه‌ی لـێ‌نه‌كراوه. بوونی یاسایه‌كی له‌و چه‌شنه جگه له‌وه‌ی نایه‌كسانی تێدایه ده‌توانێ ببێته هۆی بوار خۆش كردن بۆ توندوتیژی دژی ژنان له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌دا.
ئه‌گه‌ر له لایه‌نی ده‌سه‌ڵات و سیستمی ئێرانه بڕوانینه مه‌سه‌له‌كانی ژنان، به بێ هیچ قسه‌یه‌ك ژن هاووڵاتی پله دوویه. ژن و پیاو له رووی یاساییه‌وه وه‌ك یه‌ك مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ناكرێ. یاساكان ته‌نانه‌ت ژیانی تایبه‌تی بنه‌ماڵه‌كانی شێواندوه. باس له‌سه‌ر ئه‌وه نیه كه بۆچی ماڵداری و راگه‌یشتن به منداڵ ته‌نیا كاری ژنه، باس له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه كه بۆچی ماڵداری و دایكایه‌تی ده‌بێ ژن بكاته هاووڵاتییه‌كی پله دوو. ژنان به هۆی رۆڵی نه‌ریتی ماڵداری و دایكایه‌تییه‌وه كه كۆمه‌ڵگه‌ی پیاوسالار به توندی له‌هه‌وڵی مانه‌وه‌ی ئه‌و نه‌خشه‌دایه بۆ ژن، له مافی به‌شداری و تێكۆشانی كۆمه‌ڵایه‌تی بێ‌به‌ش بوون. بنه‌ماڵه‌ی ئازاد و دێموكرات یانی بنه‌ماڵه‌یه‌ك كه هه‌موو ئه‌ندامه‌كانی به ژن و پیاوه‌وه هه‌ست به‌وه بكه‌ن به‌رپرسیاره‌تیان له كۆمه‌ڵ دا هه‌یه. به لێك تێگه‌یشتن و رازیبوونه‌وه كاره‌كان دابه‌ش بكه‌ن. ئه‌ركی په‌روه‌رده‌كردنی منداڵ و به‌رپرسایه‌تی و سه‌رپه‌رستی بنه‌ماڵه له ئه‌ستۆی ژن و پیاودا بێ. كۆماری ئیسلامی به هیچ جۆر نایه‌وێ ئه‌م روانینه له نێو بنه‌ماڵه و كۆمه‌ڵگای ئێران‌دا په‌ره‌بستێنێ.
به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و ئاڵوگۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییانه كه له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایی دا كه له ئێران‌دا پێك هاتوون، وه‌ك زۆربوونی رێژه‌ی خوێنده‌وار بوونی خه‌ڵك و به‌تایبه‌تی ژنان، سیستمی یاساییه‌كه‌ی زۆر له دواوه‌ی ئه‌و ئاڵوگۆڕانه‌یه كه له روانینی خه‌ڵكه‌كه‌ی دا پێك هاتوه. ئه‌مه‌ش جێی دڵخۆشییه كه ئاستی تێگه‌یشتنی تاكه‌كان له‌م وڵاته‌دا خه‌ریكه ئه‌م یاسایانه ده‌به‌نه ژێر پرسیاره‌وه. رێژه‌یه‌كی زۆر له ژنانی ئێران به‌رانبه‌ر به‌و هه‌ڵاواردنانه وشیار بوونه‌ته‌وه و خوازیاری باش كردنی ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ن كه یاسا به‌سه‌ر ژنانی‌دا سه‌پاندوه. هێندێك له‌و فه‌زا و تابویانه كه كۆماری ئیسلامی به ناوی ئایینه‌وه به‌سه‌ریاندا سه‌پاندوونی، توانیویانه بیشكێنن و دنیایه‌كی جیاواز له‌وه‌ی كه ده‌سه‌ڵات ده‌یهه‌وێ دروست بكه‌ن. راسته كێشه‌ی ژنان و بێ‌مافییه‌كانیان ده‌بێ له رێی یاساوه چاره‌سه‌ر بكرێ به‌ڵام ئه‌م هه‌وڵانه‌ش له سه‌ر سیستمی و ده‌سه‌ڵات كاریگه‌ریی خۆی هه‌یه و ده‌سه‌ڵات ناچار ده‌بێ رۆژێك خۆی له‌گه‌ڵ داخوازییه‌كانی ژنان هاوئاهه‌نگ بكا.
ئه‌مڕۆ ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی ئێران كرانه‌وه‌یه‌كی كولتووری زۆری به‌خۆیه‌وه دیوه. بێگومان هه‌وڵ و خه‌باتی بزووتنه‌وه‌یه‌كه كه له ئێران‌دا هه‌یه. بزووتنه‌وه‌یه‌ك كه نایه‌وێ خه‌ڵكی ئه‌م وڵاته بگه‌ڕێنه‌وه بۆ سه‌ده‌كانی نێوه‌ڕاست. زیاتر له ده‌یان رێكخراو و ئه‌نجوومه‌نی ناحوكمی دروست بوون و كار له‌سه‌ر عه‌قڵ ده‌كه‌ن و روانینێكی مرۆڤانه بۆ پرسه‌كانی ژنان دروست ده‌كه‌ن. ده‌یانه‌وێ به ده‌سه‌ڵات و كۆمه‌ڵگه‌ی بسه‌لمێنن كه ته‌نیا رێگه‌چاره‌ی هه‌موو قه‌یرانه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی پێوه‌ندیدار به ژنان، به ره‌سمی ناسینی مافه‌كانی ئه‌وانه. بوونی چالاكانه‌ی ئه‌و ئه‌نجومه‌ن و نیهادانه كاریگه‌رییه‌كی موسبه‌تی له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی مافی ژنان كه مافی مرۆڤیشه له نێو كۆمه‌ڵگه‌ی ئێران‌دا داناوه. زۆر سروشتی‌یه له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی سووننه‌تی وه‌ك كۆمه‌ڵگه‌ی ئێران‌دا و به بوونی ده‌سه‌ڵاتێكی وه‌ك كۆماری ئیسلامی كه هیچ رێزێك بۆ مرۆڤایه‌تیی ژن دانانێ، به دڵنیاییه‌وه ئه‌و هه‌وڵانه زۆر سه‌ختتر له‌وه‌ن كه بیریان لـێ‌ده‌كرێته‌وه. به به‌رنامه‌ی درێژخایه‌ن و دانی نرخی قورس له‌م رێگه‌یه‌دا ده‌كرێ هیوادار بین كه ریشه‌ی هه‌موو ئه‌و كولتووره پڕ له هه‌ڵاواردنه به‌ره‌و نه‌مان بچێ.
كوێستان فتووحی
