كورد رۆژهه‌ڵات: چه‌ند ساڵه ژیانی هاوبه‌شتان پێك هێناوه؟ چه‌ند منداڵتان هه‌یه و ناوه‌كانیان چیه؟ هۆیه‌كی تایبه‌تتان بۆ ناوه‌كان هه‌یه؟
کوێستان فتووحی : ساڵی 1347 (1968) له ئاوایی "باغڵووجه"ی سه‌ر به شاری بۆكان له‌دایك بووم. ساڵی 1986 له‌گه‌ڵ خوشكێكی دیكه‌م هاتینه ریزه‌كانی حیزبی دیموكراتی كوردستان و بووینه پێشمه‌رگه. له ئورگانه جۆراوجۆره‌كانی حیزب‌دا درێژه‌م به كاری سیاسی و پێشمه‌رگایه‌تی داوه. له كۆنگره‌ی 14 حیزب دا به ئه‌ندامی كومیته‌ی ناوه‌ندی هه‌ڵبژیردراوم و ئێستا له كۆمیسیۆنی راگه‌یاندنی حیزب خه‌ریكی كاری نووسینم و به‌رپرسایه‌تیی سایتی" كوردستان و كورد"م له ئه‌ستۆیه.
21 ساڵه ژیانی هاوبه‌شم پێك هێناوه و كچێك و كوڕێكم هه‌یه. كچه‌كه‌م به ناوی "هانا" ته‌مه‌نی 16 ساڵه و كوڕه‌كه‌شم به ناوی "هیوا" ته‌مه‌نی 6 ساڵانه. دیاره هه‌ر كه‌س به مه‌به‌ستێك ناوێكی تایبه‌تی بۆ منداڵی هه‌ڵ ده‌بژێرێ.
ناوی "هانا" ئێمه هه‌م ناوه‌كه‌مان پێ جوان و مانادار بوو هه‌میش مه‌به‌ستێك هه‌بوو تێی دا. هانا به مانای فریادره‌س، به‌هاناوه‌چوون، داوای یارمه‌تی و گه‌ڕان به‌دوای فریادره‌سدا. ئه‌ویش ئه‌وه بوو ئێمه نیگه‌رانی و گومانمان هه‌بوو له ساغی و سڵامه‌تیی منداڵه‌كه‌مان (پێش ئه‌وه‌ی بێته‌سه‌ر دنیا)، بۆیه هانامان بۆ زۆر دوكتوری پسپۆر برد بۆ ئه‌وه منداڵێكی سالم بێته سه‌ر دنیا كه به‌خۆشییه‌وه ساغ و سڵامه‌ت بوو. به‌ڵام بۆ "هیوا" ته‌نیا ئه‌وه بوو هیوا له لای ئێمه (دایك و باوك) ناوێكی خۆشه و قه‌ت كۆن نابێ. یه‌كه‌م رۆژی نه‌ورۆزیش له دایك بووه. هه‌میشه‌ش له یه‌كه‌م رۆژی نه‌ورۆزدا ئێمه‌ی كورد به خۆزگه و هیوا و ئاره‌زووی نوێوه پێ‌ده‌نێینه نێو ساڵێكی دیكه‌وه. پاشان له‌گه‌ڵ ناوی هاناش هاوسه‌روا (هاو قافیه)یه.
كورد رۆژهه‌ڵات:پێناسه‌تان بۆ ئه‌م وشه‌گه‌له چیه؟
ژن : ژن پێش هه‌مووشتێك مرۆڤه. ژن سه‌رچاوه‌ی ژیانه، چونكه مرۆڤێكی دیكه له جه‌سته‌ی خۆی‌دا هه‌ڵ‌ده‌گرێ‌و ده‌یهێنێته سه‌ر دنیا و په‌روه‌رده‌ی ده‌كا. ژن دایكه. دایك زیاتر له هه‌ر كه‌سێكی دیكه رووحی پڕه له مێهره‌بانی و خۆشه‌ویستی و وه‌فاداری.
ژنی كورد: ژنی كورد به‌رده‌وام له ژێر كۆنترۆڵی كولتووری پیاو سالاری دابووه، ژنی كورد وه‌ك "نامووس"ی پیاوانی بنه‌ماڵه چاوی لـێ‌كراوه. نامووسیش ژنی كردۆته كۆیله. پیاو خۆی به خاوه‌نی ئه‌و جه‌سته‌یه ده‌زانێ . به هۆی ئه‌وه‌وه ده‌رگای گه‌شه‌و پێشكه‌وتنی لـێ‌داخراوه. ئه‌مه پێناسه‌یه بۆ ژنی كورد له رابردوودا. به‌ڵام ئه‌مڕۆ به خه‌بات و تێكۆشانی ژنانێكی ئازا و تابوشكێن خه‌ریكه ئه‌م پێناسه‌یه ده‌سڕێته‌وه و پێناسه‌یه‌كی نوێ جێی ده‌گرێته‌وه. ئازا و ئازاد و سه‌ربه‌خۆ له‌بیركردنه‌وه، له ژیان و...دا. ژنی كورد ئه‌مڕۆ ئامانجیان گۆڕانه به‌ره‌و ئاراسته‌ی مرۆڤسالاری و دادپه‌روه‌ری و مافی یه‌كسان بۆ مرۆڤه‌كان. ژنی كورد ئیتر نایه‌وێ مرۆڤێكی پله دوو بێت.
سیاسه‌ت: به‌لامه‌وه زۆر سه‌خته قسه كردن له سه‌ر سیاسه‌ت. چونكه شتێكی زۆر پێچه‌ڵاوپووچه. مه‌سه‌له ئه‌وه‌یه چ به‌رداشتێكمان له سیاسه‌ت هه‌یه. به‌لای منه‌وه سیاسه‌ت هه‌وڵدانه بۆ گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵات به مه‌به‌ستی به‌ڕێوه‌بردنی كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆیی. گرنگ ئه‌وه‌یه سیاسه‌ت نێوه‌رۆكێكی ئینسانی و دادپه‌روه‌رانه و پێشكه‌وتنخوازانه‌ی هه‌بێ و له خزمه‌ت ئاشتی و ئاساییشی مرۆڤه‌كان دابێ. به‌ڵام جاری وایه كاری ناره‌وا دژی مرۆڤایه‌تی ده‌كرێ، به‌مه‌ش هه‌ر ده‌گوترێ سیاسه‌ت!
سیاسه‌تی كوردی: به گشتی كورد تا ئێستاش (له به‌ر پارچه پارچه بوونی و، بێبه‌شی له كیان و ده‌سه‌ڵاتیكی نه‌ته‌وه‌یی یه‌كگرتوو) سیاسه‌تێكی جێگیر، روون و شه‌فافی نیه نیسبه‌ت به مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تی وپرسه‌كانی پێوه‌ندیدار به داهاتوو و چاره‌نووسی خۆی. سیاسه‌تی كوردی ناروون، نازانستی ، ناته‌با، و پرش و بڵاوه‌و، له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی حیزبایه‌تی ده‌ڕواته پێش. له‌سه‌ر مه‌سه‌له چاره‌نووسسازه‌كان كورد قه‌ت هه‌ڵوێستی یه‌كگرتووانه‌ی نه‌بووه. 18 ساڵه له باشووری كوردستان گه‌لی كورد ده‌سه‌ڵاتی خۆی به ده‌سته، پارلمانی هه‌یه، حكوومه‌تی هه‌یه، به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌به‌ر نه‌بوونی ستراتیژییه‌كی نه‌ته‌وه‌یی نه‌یتوانیوه به قازانجی نه‌ك سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌ی كورد، به‌ڵكوو به قازانجی داهاتووی خۆشی به‌باشی كه‌ڵك له‌م فرسه‌ته وه‌ربگرێ. داوا له رێژیمی ئێران ده‌كرێ! پاڵپشتی رێككه‌وتنی ستراتیژیی نێوان پارتی و یه‌كیه‌تیی بێ. ئاخر هه‌ر هه‌موو به‌رپرسان و ده‌سه‌ڵاتدارانی كوردستان ده‌زانن كه رێژیمی ئێران بوو ئاوری شه‌ڕی نێوخۆیی له نێوان یه‌كیه‌تی و پارتی‌دا خۆشتر ده‌كرد. رێژیمه‌كانی ئێران و توركیه‌ن كه سه‌ره‌كی‌ترین كۆسپی سه‌ر رێگه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كوردن. كه‌چی ده‌بینین سه‌ركرده كورده‌كان به‌سه‌ریاندا هه‌ڵ‌ده‌ڵێن و به دۆستی له‌مێژینه‌ی گه‌لی كوردیان ناو ده‌به‌ن. له‌ماوه‌ی ئه‌و 18 ساڵه‌دا رێژیمی ئێران بۆ دژایه‌تی كردن له‌گه‌ڵ ئه‌م ئه‌زموونه‌ی باشوور، له پێشه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌دا بووه كه دژایه‌تییان كردوه. بۆخۆشیان ئه‌مه باش ده‌زانن. به‌ڵام له قسه و هه‌ڵوێسته‌كانیاندا رێژیمی ئێران به دۆست و پشتیوان و یارو یاوه‌ری كورد ده‌زانن. راست له‌و كاته‌شدا كه سنوور و گونده‌كانیان له لایه‌ن رێژیمی ئێرانه‌وه تۆپباران ده‌كرێ!. له جیاتی ئه‌وه‌ی سیاسه‌تمه‌دارانی كورد به یه‌كده‌نگ له‌به‌رانبه‌ر ئه‌م پێشێلكارییانه‌ی رێژیمه‌كانی ئێران وتوركیه دا هه‌ڵوێست بگرن، پێیان هه‌ڵ‌ده‌ڵێن. ئه‌م سیاسه‌ته نه‌ك قازانج به به‌رژه‌وه‌ندی كورد ناگه‌یه‌نێ به‌ڵكوو زۆر زۆریش زیانی پێ‌گه‌یاندوه. ئێران تا ئێستاش به ره‌سمی ددانی به‌م حكوومه‌ته‌ی كوردستان دا نه‌ناوه. به‌ڵام ئه‌مان.....
دیالۆگ: شارستانیترین و سه‌ركه‌وتووترین رێگای لێك تێگه‌یشتن و پێكه‌وه ژیانی مرۆڤه‌كان و كۆمه‌ڵَگه جۆراۆجۆره‌كانه.
دیالۆگی كوردی: كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی زوڵم لـێكراو هه‌میشه ئاماده بووه بۆ دیالۆگ له گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاته داگیركه‌ره‌كانی كوردستان، تا كێشه‌كه‌ی له‌م رێگه‌یه‌وه چاره‌سه‌ر بكرێ. به‌ڵام لایه‌نه‌كانی به‌رامبه‌ری له نیازپاكی و سادده‌یی كورد هه‌میشه كه‌ڵكی خراپیان وه‌رگرتوه و دیالۆگیان بۆ مه‌به‌ستی زه‌بروه‌شاندن له كورد یا ته‌فره‌دانی به كارهێناوه. دیاره كورد له سه‌رده‌می ئێستا دا له‌و باره‌یه‌وه پوخته‌تر بووه. به‌لام ئه‌گه‌ر كورد بۆ دیالۆگ له گه‌ڵ دوژمنان و رێژیمه‌داگیركه‌ره‌كان ئاوا ئاماده بووه، بۆ دیالۆگ له گه‌ڵ خۆی (هیز و لایه‌نی كوردی له گه‌ڵ یه‌كتر) زۆر كه‌لـله‌ڕه‌ق و نائاماده بووه.
چه‌ك: نازانم عه‌بدوڵڵا په‌شێوه یا جه‌لالی مه‌له‌كشا له شێعرێك دا وتویه "خوا ده‌یزانێ باڵای تفه‌نگم خۆش ناوێ، به‌ڵام چ بكه‌م..."
ئایین: خۆزگه نه‌كرابایه به زنجیرێك بۆ كۆیله كردنی مرۆڤه‌كان و داخستنی ده‌رگای بیركردنه‌وه‌یان...
كورد رۆژهه‌ڵات:"ژن و سیاسه‌ت"، پێتان وایه پێكه‌وه هاتنی ئه‌و دوو وشه‌یه جێگیر بووه، هۆیه‌كه‌تان چیه؟
کوێستان فتووحی : به‌ڵـێ جێگیر بووه، به‌ڵام به‌م شێوه‌یه: ژن و سیاسه‌تیان نه‌وتوه! ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستتان ئه‌وه‌یه، ئه‌وه قسه‌ی ئه‌وانه‌یه كه به‌رژه‌وه‌ندییان ئه‌وه ده‌خوازێ كه ژن هه‌ر له كونجی ماڵه‌وه‌دا دانیشێ و چاو له‌ده‌ستی سیاسه‌تدارێژه‌ران و بڕیاربه‌ده‌ستان بێ كه بڕیار بۆ چاره‌نووسی ئه‌ویش بده‌ن. ئه‌مه قسه‌یه‌كی كۆنه و ده‌ورانی به‌سه‌ر چووه. ئه‌مه كولتووری ژن به‌كه‌مگر ئه‌وه‌ی دروست كردوه. ئه‌ونده وتراوه‌ته‌وه له بیر و زه‌ینی خه‌ڵكدا چه‌سپاوه. به‌ڵام ئێستا ئه‌وه قسه‌یه‌كی بێجێ‌یه. ژن ده‌بێ به‌شداری له سیاسه‌تدا بكا‌و هه‌وڵ بدا بگاته ناوه‌ندی بڕیاردان. له هه‌ر وڵاتێك و هه‌ر حیزبێك دا ژن به‌شداری له سیاسه‌ت و كاروباری سیاسی دا نه‌كا، ئه‌و وڵاته یان ئه‌و حیزبه ناكرێ وه‌ك وڵاتێك یان حیزبێكی دێموكرات و پێشكه‌وتوو بیناسین، با ئیدیعای ئه‌وه‌ش بكا. له سه‌رده‌می ئێستادا وا باشه بگوترێ سیاسه‌ت به‌بێ به‌شداریی ژن سه‌قه‌ت و ناته‌واوه.
ده‌ڵێن سیاسه‌ت پیاوانه‌یه، له‌و رووه‌وه ژن و سیاسه‌ت واته ژن به ئاكار و رفتارێكی پیاوانه له ناو سیاسه‌تدا، بۆچوونی تایبه‌تی ئێوه له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه چیه؟
كوێستان فتووحی:به داخه‌وه وایه، له به‌رئه‌وه‌ی ژن له‌و بواره‌دا جارێ نه‌بووه به‌و هێزه كه له ناوه‌ندی بریاره‌كان دا باڵاده‌ست بێ و، كاریگه‌ریی له سه‌ر ناوه‌رۆكی بریاره‌كان و سیاسه‌ته‌كان هه‌بێ.
كورد رۆژهه‌ڵات: به درێژایی ته‌مه‌نی خه‌بات و تێكۆشان، هه‌وڵتان پتر بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی رۆڵی ژن بووه له نێو حیزب‌دا، یا خود هه‌وڵ بۆ پێكانی ئامانجی حیزبی؟ "مافه‌كانی ژن و مافه‌كانی گه‌ڵ"، تێكۆشان له پێناوی كامیاندا بۆ ئێوه له پێشه‌وه‌یه و بۆ؟
کوێستان فتووحی : له ته‌مه‌نی خه‌بات و تێكۆشانمدا هه‌میشه وه‌ك ژنێك بۆ ئامانجێك كه له پرۆگرامی حیزب دا كۆبۆته‌وه خه‌باتم كردوه. وه‌ك ژنێكی پێشمه‌رگه رۆڵم گێڕاوه. پیاوانه پێشمه‌رگایه‌تیم نه‌كردوه، قورس و قایم له مه‌یداندا بووم بۆ ئه‌وه‌ی رۆڵی ژن به باشی ده‌رخه‌م. له تێكۆشان بۆ ئامانجی حیزبه‌كه‌مدا به‌رده‌وامیش بۆ به‌رجه‌سته كردنی رۆڵی ژنان هه‌وڵمداوه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به درێژایی مێژوو ژنان له بواره‌جۆره‌كاندا له‌په‌راوێز خراون، بواری خه‌باتی پێشمه‌رگایه‌تیش یه‌كێك بووه له‌و بوارانه. بۆیه ئێمه‌ی ژن ناچارین بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه و بۆ ئه‌وه‌ی هیژموونی زاڵی پیاوان له‌م مه‌یدانه‌شدا، نه‌مانشارێته‌وه ده‌بێ به‌رده‌وام كار بۆ به‌رجه‌سته كردنی رۆڵی ژنانیش بكه‌ین، كه ئه‌وه‌م هه‌میشه ئه ركی خۆم زانیوه.
به‌ڵام مافی ژن یان مافه‌كانی گه‌ڵ كامیان له‌پێشه‌وه‌یه، به‌بڕوای من هه‌ر دوو پرسه‌كه وه‌ك یه‌ك گرنگن و هیچیان نابێ بۆ ئه‌وی تر بخرێته لاوه. ئه‌م دوو خه‌باته لێك جیا نین. ئه‌گه‌ر رۆژێك سته‌می نه‌ته‌وایه‌تی له‌سه‌رمان لابچێ، به‌ڵام ژن هه‌ر چه‌وساوه‌ی ده‌ستی كولتووری پیاوسالاری بێ، من قه‌ت ئه‌و گه‌له به رزگار نازانم. گومانی تێدا نیه نه‌ته‌وه‌یه‌ك به هه‌وڵ و خه‌باتی هه‌ردوو ره‌گه‌زه‌كه رزگار ده‌بێ و به ئامانج ده‌گا و هه‌وڵیشم بۆ ئه‌وه‌یه پرسی یه‌كسانیخوازی و رزگاریی ژنان له سته‌م و چه‌وسانه‌وه ببێته پرۆژه‌یه‌ك كه له‌مه‌شیاندا هه‌ر دوو ره‌گه‌زه‌كه خه‌باتی بۆ بكه‌ن. ئه‌و دوو خه‌باته گرێدراوی یه‌كن. هه‌ر حیزبێكیش مه‌سه‌له و گیر‌و گرفتی ژنان پشت گوێ بخا‌و له ئه‌وله‌ویه‌تی تێكۆشانی دا نه‌نێ، به حیزبێكی پێشكه‌وتووی نازانم. خه‌بات بۆ مافه‌كانی گه‌ل و خه‌بات بۆ رزگاریی ژنان بۆ من وه‌ك یه‌كن و هاوشانی یه‌ك به‌ڕێوه‌یان ده‌به‌م، ئه‌گه‌ر ماندووبوونی زۆریشی بوێ، بێگومان ده‌شیهه‌وێ.
كورد رۆژهه‌ڵات: "ژن و پیاو" ئایا له سیاسه‌تدا كۆكن یا ناكۆك؟ به نیسبه‌ت ژیانه‌وه چی؟
کوێستان فتووحی : زۆر له مه‌به‌سته‌كه‌ت تێنه‌گه‌یشتووم، به‌ڵام ئه‌مڕۆ بواری سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵات به‌ده‌ست پیاوانه‌وه‌یه، بۆخۆیان پێكه‌وه كۆك نین تا له‌گه‌ڵ ژنان كۆك بن. بێگومان پیاوان له‌گه‌ڵ ژنی بێده‌نگ كۆكن. به‌ڵام به نیسبه‌ت ژیانه‌وه: ژن و پیاو پێكه‌وه ژیانی هاوبه‌ش دروست ده‌كه‌ن. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به خۆشه‌ویستیشه‌وه ئه‌و ژیانه دروست بكه‌ن دیسان ژیان ناكۆكی تێدایه. سروشتی ئینسانه‌كان وایه هه‌موو شتێكیان وه‌ك یه‌ك نیه. گرنگ ئه‌وه‌یه لێك تێگه‌یشتن هه‌بێ. ئه‌گه‌ر كۆك بوون ئه‌وه بێ، یه‌كیان بێده‌نگ بێ و هه‌موو شتێك له‌وی دیكه قبووڵ بكا ، كۆكی وا هه‌ر نه‌بێ باشتره.
كورد رۆژهه‌ڵات: قه‌ت بووه پیاوێك رێگر بووبێ له‌به‌رده‌م پێشكه‌وتنه‌كانتاندا؟ هۆكه‌ی چی بووه و ریفلێكسی ئێوه له‌به‌رامبه‌ردا چۆن بووه؟
کوێستان فتووحی : پیاو باڵاده‌سته و خۆی به خاوه‌نی هه‌موو شتێك ده‌زانێ ته‌نانه‌ت هی ژنیش. كه‌سێكی تایبه‌ت نه‌بووه رێگرم بێ. به‌ڵام ده‌توانم بڵێم كولتووری پیاوسالاری رێگر بووه. بێگومان منیش جیا نه‌بووم له كچان و ژنانی ئه‌م وڵاته به هه‌موو وجوودمه‌وه تامی تاڵی هه‌ڵاواردن و رێگرییه‌كانی به‌رده‌مم چێشتوه. به تایبه‌تی له منداڵی‌دا زۆر زۆر. ته‌نانه‌ت قاقای پێكه‌نینیش بۆ منی كچ قه‌ده‌غه بوو. جاری وایه خودی دایك رێگر بووه له به‌رده‌م كچه‌كه‌ی‌دا. كولتووری كۆمه‌ڵگه، یاسا و رێساكان، هه‌موو وایان كردوه، ژن نه‌جووڵـێ، ژن بێده‌نگ بێ، ژن شه‌رمن بێ، چونكه هه‌ر جووڵانێك و ده‌ركه‌وتنێكی به‌رابه‌ره له‌گه‌ڵ ئابرووی بنه‌ماڵه. ئه‌مه كولتوور وا ده‌ڵـێ. كچ و ژن وه‌ك نامووسی بنه‌ماڵه چاو لـێ‌ده‌كرێ. بۆیه گه‌وره‌كانی ماڵ هه‌میشه رێگرن له‌به‌ر ده‌م ده‌ركه‌وتن و جووڵانی ره‌گه‌زی مێینه‌دا.
وه‌ك خۆم ئه‌وه‌تا وه‌بیرم دێت له‌به‌رامبه‌ر ناحه‌قی و ناعه‌داڵه‌تی‌دا راوه‌ستاوم. قه‌ت بێده‌نگ و ته‌سلیم نه‌بووم ناشمه‌وێ بێده‌نگ بم. هاواری خۆم له ده‌ست نابه‌رابه‌رییه‌كان هه‌مووكات ده‌ربڕیوه. من كه خوازیاری گۆڕانم، له پێشدا ئه‌و گۆڕانه‌م له‌خۆمدا پێك هێناوه، گۆڕان به بێده‌نگی به‌دی نایه. به‌های خۆشم بۆ داوه. با پێم نه‌ڵێن ژنێكی باشه. باش له روانگه‌ی ئه‌و كولتووره‌وه.
كورد رۆژهه‌ڵات: پێناسه‌تان بۆ بزووتنه‌وه‌ی ژنان چیه؟ ئایا به‌شداریی پیاوان بۆ چه‌سپاندنی مافی ژنان واتاداره؟
کوێستان فتووحی : بزووتنه‌وه‌ی ژنان حه‌ره‌كه‌تێكی رێكخراوه بۆ به‌ده‌ستهێنان و داكۆكی له ماف و ئازادییه‌كانی ژنان. هه‌ر پیاوێكیش به‌شداری له حه‌ره‌كه‌تێكی وادا بكا بێگومان بڕوای به ماف و ئازادییه‌كانی ژنان هه‌یه، بڕوای به به‌رابه‌ری هه‌یه. زۆریش پێویسته پیاوان حوزووریان هه‌بێ له بزووتنه‌وه‌ی یه‌كسانیخوازی دا. ئه‌وه پێگه‌یشتوویی و تێگه‌یشتووی پیاوان ده‌گه‌یه‌نێ كه هاوڕێیه‌تی بزووتنه‌وی ژنان بكه‌ن بۆ گه‌یشتن به‌و ئامانجانه كه بزووتنه‌وه‌ی ژنان هه‌وڵیان بۆ ده‌دا.
كورد رۆژهه‌ڵات: كه ناوی ئه‌م شار و كێوانه ده‌درێ به گوێتاندا، چیتان وه‌بیر ده‌كه‌وێته‌وه؟
شاری سنه: یه‌كجار چوومه‌ته شاری سنه به‌هاری 1364 بوو، چه‌ند رۆژێك له‌وێ بووم بیره‌وه‌رییه‌كی وام لێی نیه كه سه‌رنج راكێش بێ، به‌ڵام هه‌میشه ئه‌و شاره بۆ من یه‌كێكه له شاره خۆشه‌ویست و خۆشه‌كانی كوردستان.
شاری سلێمانی: شارێكی كراوه دێته‌به‌رچاوم، بیره‌وه‌ریم لێی هه‌یه زۆربه‌یان بۆ من ناخۆشن. به‌ڵام ئێستاش كه ده‌چمه ئه‌و شاره دڵم ده‌كرێته‌وه، هه‌ست ده‌كه‌م ده‌چمه‌وه شاری سه‌قز.
شاری كرماشان: به‌داخه‌وه نه‌مدیوه، به‌ڵام زۆرم خۆش ده‌وێ.
كێَوی به‌مۆ: نه‌مدیوه بیره‌وه‌ریشم لێی نیه. به‌ڵام كێوم هه‌ر خۆش ده‌وێ چونكه وا هه‌ست ده‌كه‌م پشت و په‌نای پێشمه‌رگه‌ی كوردستانن له رۆژه سه‌خته‌كاندا.
كێوه‌كانی قه‌ندیل: زۆرترین بیره‌وه‌ریی خۆش و ناخۆشم له كێوه‌كانی قه‌ندیل هه‌یه. یه‌كه‌م جار هاتنم بۆ كوردستانی باشوور به كێوه‌سه‌خته‌كانی قه‌ندیل دا هاتم. كه له دووره‌وه پێیان ده‌وتم ده‌بێ ئا له‌و كێوانه‌وه سه‌ركه‌وین و بپه‌ڕینه‌وه، سه‌رم سور ده‌ما. په‌ڕینه‌وه و هه‌ڵگه‌ڕان به‌و كێوانه‌دا، غروورێكی زۆریان به من به‌خشی. ده‌وره‌ی سه‌ره‌تایی پێشمه‌رگایه‌تیم هه‌ر له‌و كێوانه دیوه، گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ناوچه‌ی بۆكان هه‌ر له كێوه‌كانی قه‌ندیله‌وه بوو. به‌فری زۆر‌و رێگا گیران، پێك هێنانی ژیانی هاوبه‌ش، په‌یتا په‌یتا بۆمبارانی بنكه‌كانمان به هۆی فرۆكه‌كانی ئێران و شه‌هید بوون و لێكدابڕانی چه‌ندین هاوسه‌نگه‌ری خۆشه‌ویستمان، هه‌ر له قه‌ندیل بوو. به هه‌موو برین و ئازاره‌كانیه‌وه قه‌ندیل به پشت و په‌نای پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ده‌زانم. هیوادارم پێشمه‌رگه هه‌ر بمێنێ بۆ ئه‌وه‌ی قه‌ندیل هه‌ر به‌سه‌ربه‌رزی بمێنێته‌وه.
لینکی کورد ڕؤژهه‌ڵات: http://kurdrojh.com/index.php?id=59
